مزگەوتى ئەقسا بەلاى موسڵمانانەوە واتاى چى دەگەیەنێ؟
نووسینى: د. علي محمد محمد الصلابي
وەرگێڕانى: عبدالله گەرمیانى
مزگەوتى ئەقسا دووەم مزگەوتە کە لەسەر رووى زەوییدا دروست کراوە، زۆربەى پەیامبەران تیایدا ژیاون، لەوانە ئیبراهیمى خۆشەویستى خواى گەورە(سەلامى خواى لەسەربێ)، هەروەک ئیسحاق و یەعقوب و زەکەریا و یەحیا و عیسا و داوود و سولەیمان(سەلامى خوایان لەسەربێ) و خاتوو مەریەمى داوێن پاکیش تیایدا ژیاوە، موحەممەدى کۆتا پەیامبەریش(صلى الله علیە وسلم) شەوڕەویی ئەو شوێنەى پێ کراوە، زۆربەى پەیامە ئاسمانییەکان لەوێوە نێردراون، یەکەمین قیبلەى موسڵمانان بووە و بۆ ماوەى نزیکەى حەڤدە مانگ موسڵمانان رووە و مزگەوتى ئەقسا نوێژیان کردووە، کۆڵوباری گەشتى بۆ دەپێچرێتەوە و نوێژێک لەو شوێنەدا پێنجسەد جار خێری نوێژى مزگەوتەکانى تری هەیە تەنیا مزگەوتى حەرام و مزگەوتى پەیامبەر نەبێ.
-دروستکردنى مزگەوتى ئەقسا
بارسەنگ ئەوەیە، یەکەمین کەسێک مزگەوتى ئەقساى دروست کردبێ، ئادەمى باوکى مرۆڤایەتیی بووە(سەلامى خواى لەسەربێ)،دواى چل ساڵ لەدروستکردنى بناغەى ماڵى خوا، بەفرمانى خواى گەورە دروستیکردووە، بێ ئەوەى لەپێش ئەو دوو شوێنەدا هیچ کڵێسا و هەیکەل و پەرستگایەک بوونى هەبێت. ئیبن هیشام لەکتێبەکەیدا"التيجان في ملوك حمير، جـ1/ 22، ط1، مركز الدراسات والأبحاث اليمنية 1347هـ ئەڵێ: ئادەم(سەلامى خواى لەسەربێ) دواى ئەوەى کەعبەى دروستکرد، بەفرمانى خواى گەورە رۆیشت بۆ شاری پیرۆز(البلد المقدس) و جبریل پیشانى دا چۆن بەیت ئەلمەقدیس دروست بکات، پاشان بەیت ئەلمەقدیسی دروست کرد و تیایدا خواپەرستیی کرد.
هەروەکو چۆن پرۆسەى دروستکردن و ئاوەدانکردنەوە بۆ مزگەوتى ماڵى خوا ئەنجام دراوە، بۆ ئەقساى پیرۆزیش ئەنجام دراوە، ئیبراهیمى گەورەمان(سەلامى خواى لەسەربێ) نزیکەى ساڵى٢٠٠٠ پ. ز ئاوەدانى کردەوە، پاشان ئەرکى ئەو ماڵە لەلایەن کوڕانیەوە ئەنجام درا، ئیسحاق و یەعقوب(سەلامى خوایان لەسەربێ)، هەروەک گەورەمان سولەیمان(سەلامى خواى لەسەربێ)نزیکەى ساڵى١٠٠٠پ.ز دووبارە بوونیاتى نایەوە،لەسووننەنى ئیبن ماجەدا هاتووە لەعبداللەى کوڕى عەمرەوە(خواى لێ رازیی بێ)ئەویش لەپەیامبەری خواوە(صلى الله علیە وسلم) فەرموویەتى:" لَمَّا فَرَغَ سُلَيْمَانُ بْنُ دَاوُدَ مِنْ بِنَاءِ بَيْتِ الْمَقْدِسِ سَأَلَ اللَّهَ ثَلَاثًا: حُكْمًا يُصَادِفُ حُكْمَهُ، وَمُلْكًا لَا يَنْبَغِي لَأَحَدٍ مِنْ بَعْدِهِ، وَأَلَّا يَأْتِيَ هَذَا الْمَسْجِدَ أَحَدٌ لَا يُرِيدُ إِلَّا الصَّلَاةَ فِيهِ إِلَّا خَرَجَ مِنْ ذُنُوبِهِ كَيَوْمِ وَلَدَتْهُ أُمُّهُ" ،واتا: کاتێک سولەیمانى کوڕى داوود لەبوونیاتنانى بەیت ئەلمەقدیس بوویەوە، داواى سێ شتى کرد لەخواى گەورە: دەسەڵاتێک نزیک بەدەسەڵاتى خوا بێ، پادشاییەتییەک لەدواى خۆی کەسی تر ئەو پادشاییەى نەبێ، هەرکەسێکیش هاتە ئەو مزگەوتەوە و تەنیا نیازى ئەنجامدانى نوێژى هەبوو تیایدا، کە لەو مزگەوتە دەرچوو، تاوانى لەسەر نەمابێ و وەک ئەو رۆژە بێ کە تیایدا لەدایک بووە و تاوانى لەگەردندا نەبووە. پەیامبەری خوا(صلى الله علیە وسلم) فەرمووی: "أَمَّا اثْنَتَانِ فَقَدْ أُعْطِيَهُمَا، وَأَرْجُو أَنْ يَكُونَ قَدْ أُعْطِيَ الثَّالِثَةَ"،واتا: دوو داوا و تکاى سەرەتاى پێ بەخشی، ئومێد دەکەم تکا و داواى سێیەمیشی پێ بەخشیبێ.
-مزگەوتى ئەقسا و شوێنى شەوڕەویی پەیامبەری خوا(صلى الله علیە وسلم)
مزگەوتى ئەقسا، شوێنى بەرزبوونەوەى پەیامبەری خوایە(صلى الله علیە وسلم) بۆ ئاسمان، خواى گەورە فەرموویەتى:﴿سُبْحَانَ الَّذِي أَسْرَى بِعَبْدِهِ لَيْلًا مِنَ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ إِلَى الْمَسْجِدِ الْأَقْصَى الَّذِي بَارَكْنَا حَوْلَهُ لِنُرِيَهُ مِنْ آيَاتِنَا إِنَّهُ هُوَ السَّمِيعُ الْبَصِيرُ(١)﴾ [الإسراء: 1]،واتا: پاک و بێگەردی بۆ ئەو زاتەی کە شەوڕەوی کرد بە بەندەی خۆی لە شەوێکدا لە مزگەوتی حەرامەوە (لە شاری مەککە) بۆ مزگەوتی (الاقصی) لە (بیت المقدس) کە دەور و بەریمان پیرۆز و فەڕدار کردووە بۆ ئەوەی ھێندێک لە بەڵگە و نیشانە ڕوونەکانی خۆمانی نیشان بدەین بەڕاستی ھەر ئەو بیسەر و بینایە.
لەو ئایەتەدا ئاماژە هەیە بۆ پەیوەندیی نێوان مزگەوتى حەرام و مزگەوتى ئەقسا، بێگومان موعجیزەى شەوڕەویی لەگەورەترین موعجیزەکانى موحەممەدى پەیامبەرمانە(صلى الله علیە وسلم) و لەقورئان و فەرموودەدا سەلماوە، کە لەمەککەى پیرۆزەوە بۆ بەیت ئەلمەقدیس شەوڕەویی پێ کراوە و لەوێشەوە بەرزکراوەتەوە بۆ ئاسمان و لەوێدا پێنج نوێژە فەرزەکەى بەسەردا فەرزکراوە، جا بەهۆی گرنگیی ئەوەى قیبلەى یەکەمى موسڵمانان بووە و شوێنى ژیانى زۆربەى پەیامبەرانى پێش موحەممەد(صلى الله علیە وسلم) بووە،ئەوەی بۆ کراوە گەشتى بۆ بکات تاوەکو بەڕێز و شکۆیەک لەلایەن خواى گەورەوە، زۆرێک گەورەیی بۆ کۆ بکرێتەوە(داوود وسليمان في الأسفار اليهودية، ص445).
گەشت لەمزگەوتى حەرامەوە بۆ مزگەوتى ئەقسا، گەشتێکى هەڵبژێردراو بووە لەلایەن خواى گەورەوە، بیروباوەڕیی یەکتاپەرستیی پێکەوە دەبەستێتەوە لەئیبراهیم و ئیسماعیلەوە(سەلامى خوایان لەسەربێ) بۆ موحەممەدى کۆتای پەیامبەران(صلى الله علیە وسلم)، شوێنە پیرۆزەکانى تەواوى ئایینە یەکتاپەرستییەکان پێکەوە گرێ دەدات، وەک ئەوەى بیەوێ بەو گەشتە سەرسوڕهێنەرە، ئەوە رابگەیەنێ کە موحەممەد(صلى الله علیە وسلم) بووەتە میراتبەری پیرۆزییەکانى پەیامبەرانى پێش خۆی و پەیامەکەشی تەواوى ئەو پیرۆزییانەى لەخۆیدا هەڵگرتووە(في ظلال القرآن، 4/2212).
-ئەقسا شوێنى بەرزبوونەوەى موحەممەدە(صلى الله علیە وسلم)بۆ سیدرەت ئەلمونتەها
لەئەنەسی کوڕى مالیکەوە(خواى لێ رازیی بێ) ئەڵێ: پەیامبەری خوا(صلى الله علیە وسلم)فەرمووی:بوڕاقم بۆ هێنراو سەرکەوتمە سەری تاوەکو گەیشتمە بەیت ئەلمەقدیس و رەشمەکەیم بەستەوە بەو ئەڵقەیەى کە پەیامبەران پێیەوە دەیبەستنەوە، پاشان چوومە مزگەوتەوە و دوو رکات نوێژم تیایدا کرد و پاشان بەرزکرامەوە بۆ ئاسمان(صحیح مسلم،رقم٢٥٩).
-مزگەوتى ئەقسا و یەکەمینى دوو قیبلەکە
پەیامبەری خوا(صلى الله علیە وسلم) لەمەککەدا لەنێوان روکنى ئەلئەسوەد و یەمانیدا نوێژى دەکرد، رووە و بەیت ئەلمەقدیس نوێژى دەکرد، چەند مانگێک بەو جۆرە نوێژى کرد. لەبەرائی کوڕى عازبەوە کە پەیامبەری خوا(صلى الله علیە وسلم)کاتێک سەرەتا هاتە مەدینە، دابەزییە لاى باپیرانى-یان خاڵوانى-لەپشتیوانان، شانزە مانگ یان حەڤدە مانگ رووە و بەیت ئەلمەقدیس نوێژى دەکرد، حەزی دەکرد رووە و کەعبە نوێژ بکات. نوێژى عەسری کرد و کۆمەڵێک لەگەڵیدا نوێژیان کرد، پیاوێک لەوانەى لەگەڵیدا نوێژی کردبوو، بەلاى خەڵکى مزگەوتدا تێپەڕی کە لەڕکوعدا بوون و وتى: بەخوا شایەتیی دەدەم کە لەگەڵ پەیامبەری خوادا(صلى الله علیە وسلم) رووە و مەککە نوێژم کرد، ئەوانیش روویان وەرگێڕا رووە و مەککە، جولەکە پێیان سەیر بوو کە پێشتر رووە و بەیت ئەلمەقدیس نوێژى دەکرد و ئێستا رووە و کەعبە نوێژ دەکات، ئەوەیان رەتکردەوە(صحيح البخاري، 1/96).
-هاندان بۆ کۆڵوبار پێچانەوە بۆ سەردانیکردنى بەیت ئەلمەقدیس
بوخاری گێڕاوێتییەوە لەئەلزوهرییەوە ئەویش لەسەعیدى کوڕى ئەلموسەیبەوە ئەویش لەئەبو هورەیرەوە(خواى لێ رازیی بێ) ئەڵێ: پەیامبەری خوا(صلى الله علیە وسلم)فەرمووی:((لا تشد الرحال إلا إلى ثلاثة مساجد: المسجد الحرام ومسجد الرسول ﷺ المسجد الأقصى (سنن ابن ماجه، رقم 1409)،واتا: کۆڵوبار تەنیا بۆ سێ مزگەوت دەپێچرێتەوە، بۆ مزگەوتى حەرام و مزگەوتى پەیامبەری خوا(صلى الله علیە وسلم) و مزگەوتى ئەقسا.
-گەورەیی نوێژکردن لەمزگەوتى ئەقسا
پەیامبەری خوا(صلى الله علیە وسلم) فەرموویەتى: ((الصلاة في المسجد الحرام بمائة ألف صلاة والصلاة في مسجدي بألف صلاة والصلاة في بيت المقدس بخمسمائة صلاة )) (داوود وسليمان في الأسفار اليهودية، ص447)،واتا:نوێژێک لەمزگەوتى حەرامدا خێرى سەد هەزار نوێژى هەیە، نوێژێک لەمزگەوتەکەى مندا خێری هەزار نوێژى هەیە، نوێژێک لەمزگەوتى ئەقسادا خێری پێنجسەد نوێژى هەیە.
-مزگەوتى ئەقسا یەکێکە لەوەقفەکانى عومەر بۆ ئوممەتى ئیسلام
لەماوەى فتوحاتى شام و عێراقدا، فەڵەستین لەنێو ئەو ناوچانەدا بوو کە موسڵمانەکان لەسەردەمى ئەودا فەتحیان کرد، عومەر بۆ گاورانى خەڵکى ئیلیاء(قودس)پەیماننامەى سەلامەتى و ئاشتى و لێبووردەیی و پێکەوە ژیانى داڕشت، بەڕێنمایی موعاز کاری کرد و بەیت ئەلمەقدیس و فەڵەستینى کردە وەقف بۆ موسڵمانەکان و بەسەر سوپاکەیدا دابەشی نەکرد(اقتصادیات الحرب،ص٢١٧). ئەوە بووە بیرۆکەیەکى باش و حیکمەتێکى خوایی بوو بەعومەر بەخشرا، لەوتەى سەعدى کوڕى ئەبی وەقاسدا دەردەکەوێت کە لەدواى فەتحى عێراقدا وتى:ئەگەر لەنێوان سوپادا دابەشی بکەی، شتێک نامێنێتەوە بۆ خەڵکى دواى ئەوان. ئەوە ئەو شتە بوو کە خەلیفەکانى دواى عومەر جەختیان لێ دەکردەوە و لەسەر بەرنامەى ئەو رۆیشتن و دەرکی حیکمەتى عومەریان کرد لەو کارەدا، لەو حیکمەتەى کە لێهاتوویی عومەری دەردەخست، ئەو لێهاتووییەى کە خواى گەورە پێى بەخشیبوو، ئەوە راگەیاندنێکى روون و راشکاوانە بوو کە ئەم موڵکە بەدرێژایی سەردەمەکان موڵکى گشتیی موسڵمانانن، ئەو واتا وردە لەوتەى خەلیفەى دادپەروەر عومەری کوڕى عەبدولعەزیزدا دەردەکەوێ(بەڕەحمەت بێ) کە وتوویەتى: ئەو خاکە، سەرەتاى موسڵمانان بۆ کۆتایی موسڵمانان وەقفیان کردووە، بۆ هیچ کەسێک نییە لەجیاتیی تێکڕاى موسڵمانان، ببێتە خاوەنى.(تاریخ دمشق،٢/٢٠٠).
بانگەشەى بێ بنەماى زایۆنیزم لەفەڵەستین: درۆی زەویی میعاد و بەناو هەیکەلی سولەیمان
هەندێک نووسەر و مێژوونووس و پیاوانی ئایینی و ئەوانەی لەسەر زانیزم ئەژمێردرێن و بانگەوازە درۆینەکان لەبارەی بیرۆکەی هەیکەلی سولەیمان و بیروباوەڕی خاکی میعادەوە، کە بە هۆیەوە خوێنی لەمڕۆدا خوێنی خەڵکان بێتاوان بەناهەق دەڕێژرێ، تەنیا کۆمەڵێک درۆ و قسەى ناڕەوا و باتڵە و زۆرێک لە پیاوانی ئایینی مەسیحی و شوێنەوارناسان لە توێژینەوە چڕوپڕ و بابەتییەکانیاندا تەنانەت خودی جوولەکانیش ئەوەیان ڕەت کردووەتەوە، بۆ نموونە،شوێنەوارناسى ئیسرائیلی ئیسرائیل فلتشتاین کە کەسێکی ئەکادیمییە لە زانکۆی تەلئەبیب و بەشدارە لەگەڵ بۆچوونی کۆمەڵێک توێژەری جوولەکە و ڕۆژئاوایی، بەوەی پرۆسەکانی گەڕان لەژێر حەرەمی پیرۆز و مزگەوتی ئەقسا و مزگەوتی قوببەت ئەلسەخرە، هەتا ئێستا یەک بەڵگەی نەخستووەتەڕوو لەسەر ڕاست و دروستیی خاکی میعاد و چیرۆکی هەیکەل. ئەوەیە کە زانای شوێنەوارناس لە زانکۆی تەلئەبیب پرۆفیسۆر زائیف هرتزچ سەلماندوویەتی و بەشداری زۆرێک کاری گەڕانی شوێنەوارییە لەقودس و ئەریحا و ناوچەیەکی بەرفراوانی فەڵەستین، ئەوە وەهای کردووە بەیەک ئەنجام بگات، ئەویش ئەوەیە، ئێستا کاتی ئەوەیە لە گەڕان بە دوای شتێک کە نەبووە دەست هەڵبگرین.
-مزگەوتى ئەقسا و تائیفەى مەنسورە
پەیامبەری خوا(صلى الله علیە وسلم) فەرموویەتى: ((لا تزال طائفة من أمتي على الدين ظاهرين لعدوهم قاهرين لا يضرهم من خالفهم إلا ما أصابهم من لأواء حتى يأتي أمر الله وهم كذلك))،واتا:کۆمەڵێک لەئوممەتەکەم لەسەر ئایینى خۆیان دامەزراون بۆ شەڕکردنى دوژمنانیان و دوژمنانیان زیانیان پێ ناگەیەنن و تاوەکو فرمانى خوا دێت، بەو شێوە دەمێننەوە. وتیان: ئەى پەیامبەری خوا، ئەوانە لەچى شوێنێکن؟ فەرمووی: لەبەیت ئەلمەقدیس و دەورووبەری. لەئەبو دەردائەوە(خواى لێ رازیی بێ) ئەڵێ: پەیامبەری خوا(صلى الله علیە وسلم) فەرمووی:-کاتێ ئەو فیتنەیە روو دەدات-ئیمان لەشامە.
فەڵەستین خاکێکى پیرۆزە و خواى گەورە دەورووبەری پیرۆز کردووە، خاکى سەنگەر گرتن و مەحشەر و زیندووبوونەوەیە، جا لەبەر گرنگیی بەیت ئەلمەقدیس و سەنگەرگرتن تیایدا، زۆرێک لەموسڵمانان لەهاوەڵان و تابیعین و ئەوانى تریان کۆڵوباری گەشتیان بۆ پێچاوەتەوە، هەندێکیان بەنیازى فەتح بۆی هاتوون و هەندێکى تریان بەنیازى سەردانى و پیرۆزى و وەرگرتنى زانست و مەبەستەکانى تر(داوود وسليمان عليهما السلام، مي حسن، ص449).
لەو هاوەڵانەى لەقودس نیشتەجێبوون:
-عوبادەى کوڕى سامت(خواى لێ رازیی بێ)، بەشداری غەزاکانى پەیامبەری خوا بوو(صلى الله علیە وسلم) و بەشداری فەتحى میسر بوو، لەخیلافەتى عوسمانى کوڕى عەفاندا(خواى لێ رازیی بێ) لەساڵى٣٤ى کۆچى لەوێدا کۆچى دوایی کرد و وەچەى لەوێدا هەیە.
-شەدادى کوڕى ئەوسی خەزرەجى ئەنساری، هاوەڵ، عومەری فاروق کردیە والیی حیمس، بەزانایی دابەزیە فەڵەستین و لەقودس نیشتەجێبوو، لەخیلافەتى موعاویەدا لەوێدا کۆچى دوایی کرد و گۆڕەکەى لەدەرەوەى بەیت ئەلمەقدیسە لەگۆڕستانى ئەلڕەحمە و وەچەى لەقودسدا هەیە(الأعلام، الزركلي، 3/232).
- واثلةى کوڕى ئەلئەسقەع، لەشام نیشتەجێ بوو نزیک بەدیمەشق، پاشان رۆیشت بۆ بەیت ئەلمەقدیس و لەوێدا کۆچى دوایی کرد.
-یەزیدى کوڕى سەلام، خزمەتکاری عەبدولمەلیکى کوڕى مەروان، خەڵکى قودس بوو، لەگەڵ رەجائی کوڕى حەیوەدا کاری کرد لەدروستکردنى مزگەوتى قوبەت ئەلسەخرە و مزگەوتى ئەقسا(الإصابة، ابن حجر، 1/425).
-عبداللەى کوڕى موحەیریز ئەلجومەحی، خواپەرست بوو لەشام و لەبەیت ئەلمەقدیس نیشتەجێبوو، لەوێشدا کۆچى دوایی کرد.
-زیادى کوڕى ئەبى سەودە، مەقدیسی، لەعوبادەى کوڕى سامت و ئەبو هورەیرەوە گێڕاوێتییەوە و یەکێکە لەمتمانەداران.
تاوەکو ئەو هاوەڵ و تابیعی و باشترینەکانى تری ئوممەتى ئیسلام لەزانایان و شەرعناسان و خواپەرستان(خوایان لێ رازیی بێ. (داوود وسليمان عليهما السلام، ص450).
لەکۆتاییدا ئەڵێین: مزگەوتى ئەقسا وەقفى موسڵمانە و تاوەکو رۆژى قیامەت مافی موسڵمانانە خاوەنداریی بکەن، چونکە میراتبەری تەواوى پەیامبەرانن(سەلامى خوایان لەسەربێ)، هێمایەکە خواى گەورە بۆ پەیامى ئیسلام هەڵیبژاردووە، ئیسلام کۆتا پەیامى پەیامەکانى پێشووە و ئەو پەیامانە بەڕاست دەخاتەوە، هەروەک خواى گەورە فەرموویەتى: [وَأَنْزَلْنَا إِلَيْكَ الْكِتَابَ بِالْحَقِّ مُصَدِّقاً لِمَا بَيْنَ يَدَيْهِ مِنَ الْكِتَابِ وَمُهَيْمِناً عَلَيْهِ] [المائدة:48]،واتا: ئەم قورئانەمان ناردە خوارەوە بۆتۆ بەحەق و ڕاستی و کتێبەکانی پێش خۆی بەڕاست دەزانی و پشتیوانیان لێ دەکات (پێش دەست تێخستن و گۆڕینیان لەلایەن جولەکە وگاورەکانەوە) و چاودێریانە.
موسڵمانان باوەڕیان بەتەواوى پەیامبەران و کتێبە ئاسمانییەکان هەیە، رێزگرتن لەو پەیامبەر و پەیامانە بەپایەیەکى ئایینەکەیان دادەنێن، لەپێشتریشن بەپارێزگاریکردن لەقودس و مزگەوتى ئەقسا، هیچ کاتێکیش ئاشتى و ئارامیی باڵ ناکێشێ بەبێ گەڕانەوەى ماف بۆ خاوەن ماف و دەرچوونى زایۆنیزم لەقودس و فەڵەستین بۆ ئەو وڵاتانەى لێیەوە هاتوون، کە پێش چەندین دەیە بەپاڵپشتیی بریتانیا و هێزە داگیرکەرەکانى رۆژئاوا لێیەوە هاتوون بۆ قودس و فەڵەستین. خەباتى گەلی فەڵەستین، لەشەریعەتە ئاسمانى و یاسا نێودەوڵەتییەکاندا خەباتێکى رەوا و پیرۆزە، ئوممەتى ئیسلامى و عەرەب و ئازادیخوازانى جیهان پشتیوانیی گەلی فەڵەستین دەکەن، ئەوەش لەبەر مافی ئایینى و مێژوویی و مرۆییان لەخاکى فەڵەستین و پشتیوانییان دەکەن بۆ پاککردنەوەى ئەو خاکە لەو دوژمنانەى لەشوێنانى ترەوە هاتوون و کەوتوون بەسەریدا.
سەرچاوەکان:
- القرآن الكريم
- أخبار عمر وأخبار عبد الله بن عمر، تأليف علي الطنطاوي، ناجي الطنطاوي، المكتب الإسلامي، الطبعة الثامنة، 1403 هـ 1983 م.
- الإصابة في تمييز الصحابة لأحمد بن علي بن حجر العسقلاني، تحقيق علي محمد البجاوي، دار النهضة - مصر.
- الإعلامية في الخطاب القرآني، زهراء البرقعاوي، دار كنوز المعرفة العلمية، الطبعة الأولى، 2019م.
- الأموال لأبي عبيد قاسم بن سلام، تحقيق: محمد خليل هراس، دار الفكر بيروت، الطبعة الثانية 1395 هـ.
- الأنبياء الملوك داود وسليمان (عليهما السلام) وهكيل سليمان المزعوم، علي محمد الصلابي، دار ابن كثير، بيروت.
- تاريخ دمشق، أبي القاسم علي بن عساكر، تحقيق مطاع الطرابيشي، مطبوعات مجمع اللغة العربية ـ دمشق.
- صحيح مسلم، مسلم بن الحجاج، تحقيق: محمد عبد الباقي، دار إحياء التراث العربي، بيروت، ط2، 1972م.
- الطبقات، محمد بن سعد بن منيع الزهري، تحقيق: علي محمد عمر، مكتبة الخانجي للطباعة، القاهرة، ط1، 1421ه، 2001م.
- عمر بن الخطاب، علي محمد الصلابي، دار ابن كثير، دمشق، ط1، 2003م.
- في ظلال القرآن، سيد قطب، دار الشروق، القاهرة، ط17، 1412ه.
- المسجد الأقصى، موقع قصة الإسلام، 18/02/2014م.