الخميس

1446-06-25

|

2024-12-26

دکتۆر عەلی موحەممەد ئەلسەلابی، چۆن کتێب و بابەتەکانى دەنووسێت!؟

لە ئەزموونەوە

نووسینی: د. طالب عبد الجبار الدغیم

جار نا جارێک لێرەو لەوێ هەندێ پرسیار و ڕەخنە دەورووژێنرێت سەبارەت بە میتۆدى دکتۆر عەلی موحەممەد ئەلسەلابی لەبارەى نووسینى کتێب و بابەتەکانیەوە، جا لە بابەت ڕاڤەى قورئانەوە بێ یان چیرۆکەکانى قورئان یان مێژووى ئیسلامی. هەندێجار لە ڕێگەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەبێ لێکۆڵینەوە و وردبوونەوە، تۆمەت ئاراستەى خودى دکتۆر دەکرێت، کە مشتومڕ و هەرای ڕاگەیاندن دروست دەکات و وتى وتی دەخاتە نێو خەڵکانێکەوە، هەندێجار ئەو ڕەخنە و تۆمەتانە دەگاتە ئاستى تانەدان لە سەرڕاستى و دەستپاکیی زانستیی دکتۆر عەلی موحەممەد ئەلسەلابی، جاری وا هەیە کەسانێک دەپرسن: چۆن دکتۆر عەلی ئەلسەلابی دەتوانێ سەرکەوتووبێ لە بڵاوکردنەوەى ئەو کتێبە و بابەتە زۆرانە؟ کەسی دیکەش هەیە ئەڵێ: کتێبەکانى لەبابەت مێژووى ئیسلامی، زۆر لێکچووە بەکاری ئەو کەسەى لە شەودا چیلکە و دار کۆدەکاتەوە، بابەتى بەسوود و بێ سوود لەیەک جیاناکاتەوە. کەسانى دیکەش هەن ڕەخنە دەگرن و ئەڵێن: بابەت و کتێبەکانى پێویستییان بە سەلماندنى ورد هەیە، لەبابەت مەوداى پابەندبوونی دکتۆر بە دەستپاکیی زانستییەوە دەپرسن. کەسانى تر ڕەخنەى ئەوە دەگرن کە بە بێ مۆڵەت لە نوسەرانى هاوچەرخ، نووسراوى ئەوان وەردەگرێت!

ئەگەرچى خودى دکتۆر عەلی موحەممەد ئەلسەلابی چەند جارێک وەڵامى ئەو پرسیارانەى داوەتەوە و لە بابەت و چاوپێکەوتنە ڕۆژنامەوانییەکانى و دانیشتنى لەگەڵ هەندێ توێژەر و گرنگیدەردا، سرووشتى کاری خۆی و گرنگیدانەکانى و میتۆدى خۆی لە توێژینەوە و نووسینەوەى کتێبدا ڕوونکردووەتەوە، بەڵام من بە دادپەروەری و پێویستم زانى ڕا و بۆچوونى خۆم لەبابەت کار و نووسینەکانى دکتۆر عەلی موحەممەد ئەلسەلابی دەرببڕم، بەتایبەت کە بۆ زیاتر لە شەش ساڵە لەگەڵیدا کار دەکەم، پێداچوونەوەى کارەکانى دەکەم و ئیزافەم خستووەتەسەر هەندێکیان، بۆ زیاتر لە پانزە کتێبی، پێداچوونەوەى وردم کردووە، جا بە حوکمى ئەزموون، ئەو پرسیارانەى خەڵکانێک ئەیکەن، وەهام لێدەکەن بۆچوونى خۆم بەمجۆرەى خوارەوە بخەمەڕوو:

یەکەم: میتۆدى دکتۆر عەلی موحەممەد ئەلسەلابی لە نووسینى کتێبدا، بۆ سێ دەیەى ڕابردوو وەک خۆیەتى و نەگۆڕاوە، ئەمە لە بابەت شێوازى کۆکردنەوەى ماددەى زانستى یان لە دڵنیابوونەوە لە باس و بابەت، یان زۆر ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕەسەنەکان، یان ئاماژەدان بە وەرگرتنى زانیاری لە نووسینە نوێیەکان، دکتۆر کار دەکات لەسەر کۆکردنەوەى زۆرێک زانیاری و بەڵگە بۆ سەلماندن و پاڵپشتیکردنى فیکر و بەڵگەکانى خۆی، هەندێجار لە یەک کتێبدا پشتى بەستووەتە زیاتر لە ١٥٠ سەرچاوەى ڕەسەن و لاوەکى، هەروەک لە کتێبی(الدولة الحديثة المسلمة) پشتى بەستووەتە(٢٠٠سەرچاوەى ڕەسەن و لاوەکى)، لە کتێبە بەناوبانگەکەشیدا(السيرة النبوية) پشتى بەستووەتە(٣٥٩ سەرچاوەى ڕەسەن و لاوەکى)، هەروەها لە کتێبی(الأنبياء الملوك (عليهم السلام) وهيكل سليمان المزعوم)پشتى بەستووەتە(٢٢٨سەرچاوەى ڕەسەن و لاوەکى)،هەروەها لە کتێبی(لوط (عليه السلام)) پشتى بەستووەتە(١٨٨سەرچاوەى ڕەسەن و لاوەکى)، هەروەها لە کتێبی(هود (عليه السلام)) پشتى بەستووەتە(١٧٧ سەرچاوەى ڕەسەن و لاوەکى)، هەروەها لە کتێبی(صلاح الدين الأيوبي) پشتى بەستووەتە(٢١٥ سەرچاوەى ڕەسەن و لاوەکی)، ئەمانەى باسمان کرد هەندێ نمونەن نەک هەموو کتێب و نووسینەکانى دکتۆری بەڕێز.

نمونەى زۆر هەیە لە کتێبەکانى دکتۆر عەلی سەلابیدا، جاری وا هەیە لە یەک بەش یان یەک جێ باسی کتێبێکى کە ژمارەى ئەو بەشە لە٥٠ لاپەڕە زیاتر نییە، نزیکەى ٥٠ سەرچاوەى ڕەسەن و لاوەکیی متمانەداری هێناوتەوە، هەندێجاریش پەڕەیەکى زانستی یان بابەتێک کە ٥ بۆ ١٥ لاپەڕەیە، ٢٠ سەرچاوەى ڕەسەن و لاوەکیی تیایدا هێناوەتەوە، ئەمە و ڕوون و ڕەوان ئاماژەى کردووەتە خاوەن سەرچاوە ڕەسەن و لاوەکییەکە، لەگەڵ جەختکردنەوەیەکى ورد بۆ ساڵ و خانەى بڵاوەکار و ژمارەى چاپ و ئەوانى تری ئەو بوارە. تەنیا پشت بە یەک سەرچاوە نابەستێ، بەڵکو ناوەڕۆکى زانستیی کتێبەکانى، پشت بە کۆمەڵێ سەرچاوەى ڕەسەن و لاوەکیی زۆر دەبەستێ کە ناتوانێ ڕاوێژ و پرس بە هەموو ئەو نووسەرانە بکات کە لە کتێبەکانیانەوە زانیاریی وەردەگرێت، بۆیە وەک هەر توێژەر و نووسەرێک سوود لە کار و فیکری نووسەران و توێژەرانى پێش خۆی و زانایانى پسپۆڕ وەردەگرێت، بە دەستکارییەوە زانیاریی وەردەگرێت، هەندێجار ئیزافە دەخاتەسەر ئەوەى کە وەریگرتووە، ئەمەش نەریتى زۆربەى نووسەرانى هەموو کات و شوێنێکە، دکتۆر عەلی ئەلسەلابیی لەوان بەدەر نییە!!

دووەم: کاتێکى زۆرم بەسەربردووە لە بەدواداچوون و وردبینى و پێداچوونەوەى میتۆدى دکتۆر عەلی موحەممەد ئەلسەلابی لە نووسینەوەى کتێبەکاندا، ئەوەش لەڕێگەى پەیوەندی تووندوتۆڵم لەگەڵیدا و ئاگاداربوون و تەماشاکردنى ڕاستەوخۆم بۆ دەستنووسی ڕەسەنى کتێبەکانى، هەر خۆم سەرپەرشتى پێداچوونەوەى زۆرێک لە کتێبەکانیم کردووە، ورد تێبینیم کردووە کە پەیڕەوى پلانێکى زەمەنیی دیاریکراو و تۆکمەى هەیە لە کاریدا، ئەمە و سەربارى سەرقاڵبوونى بە دۆسیەکانى یەکێتی جیهانیى زانایانى موسڵمانان و هەوڵە چاکسازی و ئاشتەواییەکانى لە کاروباری سیاسی و کۆمەڵایەتیی لیبیا.

پلانەکانى نووسینى بە چەند قۆناغێکى بەدواى یەک ڕێکدەخات، سەرەتا بە کڕینى کتێبەکان لە پێشەنگاکانى کتێب و ناوەندەکانى بڵاوکردنەوە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پاشان دەچێتەسەر قۆناغی ڕێکخستن و سەرژمێری و پلەبەندى و خوێندنەوەى ئەو شتەى سوودى لێ دەبینێ، پاشان کورتکردنەوەى بیرۆکەکانى، ئەمە بۆ زیاتر لە دوو مانگ و سێ مانگى بەردەوام درێژە دەکێشێ، پاشان دەستدەکاتە نووسینى ڕەشنووسی یەکەمى کتێبەکە، ئەوەش بەدەستخەتى خۆی و بە قەڵەمێکى شین لەسەر کاغەزێکى تۆکمە، بۆ ئەوە چەند مانگێکى زیاتر بەردەوام ئەبێ تاوەکو ڕەشنووسی سەرەتا تەواو ئەبێ و ئینجا دەچێتە قۆناغى نووسینەوەى سەر کۆمپیوتەر و پێداچوونەوەى زمانەوانى و زانستى، ئەوەش لە ڕێگەى ناردنى بۆ هەندێ کەسانى پسپۆڕ و ئەکادیمى، ئەم پێداچوونەوەیە بە هەڵسەنگاندن و ڕێکخستنى ئەو کەسانە تەواو دەبێ کە تێبینییان داوە و بە گرنگەوە تێبینییەکانیان وەرگیراوە. ئەم قۆناغە بەوە کۆتاییدێت کە بیریارێک یان زانایەکى پسپۆڕ پێشەکیی بۆ دەنووسێت، دواتر کتێبەکە دەچێتە بواری بڵاوکردنەوەوە، لێرەشدا پێداچوونەوەیەکى تۆکمە دەکرێت و لە کۆتاییدا پێش ئەوەى کتێبەکە چاپ بکرێ و بڵاوبکرێتەوە و بە نێو خەڵک بگات، دکتۆر عەلی ئەلسەلابیی بۆچوونى خۆی لەسەر دەردەبڕێت.   

سێیەم: لەنێو ئەو ئەزموونە زانستییەی لەگەڵ دکتۆر عەلی موحەممەد ئەلسەلابیدا تیایدا ژیاوم، بەشداربوونم بووە لە کۆمەڵێ دانیشتنى چڕ و پڕى کارکردن بۆ ئامادەکردنى وێنەى سەرەتاى دەستکردن بە پێکهێنانى پرۆژەى هاوبەشمان(مەوسوعەى مێژووى عەباسی) کە کارێکە توێژینەوە و لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەى گرنگترین سەرچاوە مێژوویی و سیاسی و فیقهى و سەربازى و دیبلۆماسییەکانى ئەو ماوەیە لەخۆدەگرێت،لە چەند دانیشتنێکدا گفتوگۆم لەگەڵدا کردووە کە بۆ زیاتر لە سێ مانگى خایاندووە، ئەوەى لەودا بینیوومە لە هیچ نووسەر و مێژوونووس و ئەو زانایانەدا نەمبینیووە کە ناسیوومن، لەڕووى ئارامگری و خاکەرایی و سادەیی و سنگفراوانى و پێزانین و گوێگرتنى جوانى و وەڕس نەبوونى لە ماوەى ئەو دانیشتنە زۆرانەدا، تەنیا لە کاتى نوێژى سووننەت و پشوویەکى ماوە کورتەدا لە دانیشتنەکە دەستى هەڵدەگرت. لەو ماوەیەدا گرنگترین وێستگەکانى مێژووى عەباسیمان تاووتوێ کرد، لەو بارەیەوە گرنگترین سەرچاوە مێژووییەکانمان خوێندەوە لە(البدایة والنهایة)ى ئیبن کەثیر و (سیر أعلام النبلاء و تاریخ الإسلام)ى زەهەبی، ئەمە و سەرباری خوێندنەوە و تەماشاکردنى زۆرێک سەرچاوەى هەمەجۆر و زۆرێک توێژینەوەى زانستى و نامەى زانکۆیی لەنێو کتێبخانە گەورەکەى لە ئەستەنبول، بێگومان ئەزموونم لەگەڵیدا ئەزموونێکى بەسوود و بە چێژ و ناوازە بوو.

چوارەم: تێبینیم کردووە کە دکتۆر عەلی موحەممەد ئەلسەلابی جەخت لەسەر ئاماژە کردن بەو سەرچاوە دەکاتەوە کە سوودى لێ بینیووە، ئەگەرنا شتێک ناخاتە پاڵ خۆی لە بابەتێکدا کە بەدەستى خۆی و زادى بیری خۆی و بۆچوونى خۆی نەبێ ، ئەمە لە نووسینى بابەت و ئەو بڵاوکراوانەشدا پەیڕەوى ئەکات کە لە پێگە و ڕۆژنامە ئەلیکترۆنییەکانیشدا بڵاوى دەکاتەوە، بەڵام شیاوى ئاماژە بۆ کردنە کە هەندێ ڕۆژنامە و پێگەى ئەلیکترۆنى، لیستى سەرچاوەکان لە کۆتایی بابەتەکاندا دەسڕێتەوە، ئەوەش بەشێکە لە سیاسەتى دیاریکراوى ئەو ماڵپەڕ و پێگەیە، هەروەک لە پێگەکانى العرب و الجزیرة و صحیفة العرب و عربی٢١ و گۆڤاری المجتمع الکویتیة و ئەوانى تردا پەیڕەو دەکرێت، بەلاى ئەوانەوە گرنگ گەیشتنى پەیامە و بەلایانەوە گرنگ نییە ئاماژە بکرێتە سەرچاوە.

پێنجەم: شێخ دکتۆر عەلی موحەممەد ئەلسەلابی هەڕەمەکییانە کتێب نانووسێت لەپێناو زیاترکردنى ناونیشانى کتێب یان خۆهەڵکێشان، ئەو پیاوە ئەو کتێبانە بڵاو دەکاتەوە کە بۆ پێویستییەکانى ئوممەت و دۆسیە و کێشەکانى ئوممەت گرنگن، کاتێک حاڵەتى داتەپین و بێ ئومێدیی ئوممەتى بینى لە نەوەدەکانى سەدەى ڕابردوو و سەرەتاى هەزارەى سێیەم کە هاوکاتى داگیرکردنى ئەفغانستان بوو لە ساڵی(٢٠٠١) و داگیرکردنى عێراق لە ساڵی(٢٠٠٣) و تاوانەکانى زایۆنیزم لە فەڵەستین،زنجیرەیەک کتێبی لەبابەت مێژووى ئیسلامییەوە نووسییەوە، سەرەتا لە ژیاننامەى پەیامبەری خواوە(صلى اللە علیە وسلم) و بە تێپەڕبوون بە مێژووى خەلیفە ڕاشیدییەکان و ئومەوییەکان و سەلجوقی و زەنکییەکان و سەڵاحەدینى ئەیوبی و عوسمانییەکان،پاشان کاتێک پرۆژەکانى ناڕەوایان و خراپەکاران زیاتربوونەوە بۆ تێکدانى کۆمەڵگە موسڵمانەکانمان، کۆمەڵێ کتێبی نووسییەوە، لەوانە نمونەى"فقه النصر والتمكين"، و"فقه القدوم على الله"، و"كفاح الشعب الجزائري"، و"الحركة السنوسية"، و"سنة الله في الأخذ بالأسباب"،خەباتى گەلی لیبیاشی لەبیر نەکرد لە ڕزگاربوون لە ستەم و گرنگیی چاکسازیکردنى دامەزراوەکانى دەوڵەت و کۆمەڵگە لە دواى ساڵی(٢٠١١ز)، بۆ ئەوە کتێبەکانى"العدالة والمصالحة الوطنية؛ ضروة دينية وإنسانية" و "المشروع الوطني للسلام والمصالحة" نووسییەوە، هەروەک کتێبێکی نووسییەوە بۆ نزیکخستنەوەى نێوان مەزهەبەکان و ئاشتەوایی نێوان تەوژم و ڕەوتە ئیسلامییەکان، هەروەک لە کتێبی"الإباضية مدرسة إسلامية بعيدة عن الخوارج" ئەوە دەبینرێت. 

هەروەک ناتەواوییەکى بینى لە کتێبخانەى ئیسلامیدا لەبواری چیرۆکى پەیامبەران(لە ژێر ڕۆشنایی میتۆدى قورئانیدا)، بۆیە مەوسوعە گەورەکەى نووسی(نشأة الحضارة الإنسانية وقادتها العِظام) تاوەکو بە شێوازێکى میتۆدی و شیکاریی، گێڕانەوەیەکى بەهێز بێت، بۆ ئەوە ساڵانێک سەرقاڵبوو تاوەکو تەواوى کرد.

لە جەنگى گەلی فەڵەستین و موسڵمانان و ئازادیخوازنى مرۆڤایەتى دژ بە زایۆنیزمى دوژمنکار و پشت بەستنى زایۆنییەکان بە کۆمەڵێ درۆ و هەڵبەستنى مێژوویی لە داگیرکردنى فەڵەستین و مزگەوتى ئەقسا، دکتۆر ئەلسەلابی کتێبی(الأنبياء الملوك (عليهم السلام) وقصة الهيكل المزعوم)ى بڵاوکردەوە، بە بەڵگەى یەکلاکرەوە، درۆ و بوخاتنیانى هەڵماڵى.

لەگەڵ گەورە کردنەوەى دیاردەى لادانى ڕەوشتى و جینسی لە جیهاندا، کتێبی(لوط عليه السلام)ى بڵاوکردەوە، کە ئەو پەیامبەرە چۆن بانگەوازى کردووە و ڕووبەڕووى ئەو خراپەکاری و لادانە جینسییە بووەتەوە و باسی لە سزا و سەرەنجامى ستەمکاران کردووە.

شەشەم: میتۆدى زۆرینەى زانایان و فەرموودەناسان و مێژوونووسانى کۆن و هاوچەرخ، پشتى بەستووەتەوە نووسینەوەى مێژوویی لەڕێگەى گواستنەوە لە کەسانى ترەوە، ئەم میتۆدە لاى ژمارەیەک لەو زانا و بیریارە موسڵمانانە شتێکى ناسراوە کە پێداگرییان کردووە لە گواستنەوەى زانیاریی لە سەرچاوەکانى پێشوو، گواستنەوە بەبێ دەستکاریکردن و لێکۆڵینەوە کردنى، یەکێک لە دیارترین ئەو ڕاڤەوان و مێژوونووسانەى کە ئەو میتۆدەیان پەیڕەو کردووە بەڕەحمەت بن، ئیمامى تەبەرییە(224 – 310کۆچى/839 – 923زایین) کە بە کتێبی(تاريخ الرسل والملوك) بەناوبانگ بووە، گێڕانەوەکانى بەو جۆرە گواستووەتەوە کە لە سەرچاوە جیاوازەکانەوە هاتووە، هەروەها ئەبو ئەلفەرەج عەبدولڕەحمان ئیبن ئەلجەوزى(510 – 597ک/ 1116 – 1201ز) کە بۆ نمونە لە کتێبی(المنتظم في تاريخ الملوك والأمم)پشتى بەستووەتە گواستنەوەى پەتى(الحرفي)لە سەرچاوەکانى پێشوو. هەروەها عەللامە ئیبن کەثیر ئەلدیمەشقی(701 – 774ک/1301 – 1373ز)لە مەوسوعە مێژووییەکەیدا(البدایة والنهایة) کە زۆرێک ڕووداوى بەو جۆرە گێڕاوەتەوە کە لە سەرچاوەکانى پێشوودا هاتوون.

ئەمە و سەرباری ئەوەى ئیمام جەلالەدین ئەلسیوتى(849 – 911ک/1445 – 1505ز)نووسیوێتى، کە یەکێکە لە دیارترین زانا موسڵمانە مەوسوعییەکانى سەردەمى خۆی، زۆرێکى کتێبی لە بواری مێژوو، تەفسیر، فەرموودە و فیقهدا نووسیووە.           

سیوتى لە بواری مێژوودا پشتى بەستووەتە میتۆدى گواستنەوەى حەرفی و پەتى لە سەرچاوە کۆنەکان، لە کتێبی(تاریخ الخلفاء)دا پشتى بەسەرچاوە کۆنەکان بەستووەتە، دەقەکان چۆن هاتوون، ئاوەها دایناونەتەوە بە بێ ئەوەى لێکۆڵینەوەى شەخسیی خۆی بخاتە سەر، تەنیا لە چەند خاڵێکدا نەبێ.

سیوتى گرنگی داوەتە دڵنیابوونەوە و تەوثیقکردنى ئەو زانیارییانەى لە سەلەفەوە وەرگیراون، ناوى مێژوونوسان و ئەو سەرچاوانەشی هێناوەتەوە کە پشتى پێ بەستوون،ئەوەش وەهاى کردووە کارەکانى ئەو پێشەوایە بە سەرچاوەیەکى متمانەدار دابنرێن بۆ ئەو کەسەى ئارەزووى گەڕانى هەیە بەدواى بنچینەى زانیارییەکەدا.

لە نمونەى مێژوونووس و بیریارە موسڵمانە هاوچەرەخەکان کە پشت دەبەستنە گواستنەوەى پەتى(الحرفي) لە نووسینەکانیان، بیریاری سیاسی و مێژوونووسی سوری، دکتۆر مستەفا بن حەسەنى ئەلسیباعییە(1333 – 1384ک/ 1915 – 1964ز)، یەکێکە لەو بیریارانەى کە لە بواری مێژووى ئیسلامیدا نووسیوێتى، لە نووسینەکانیدا پشتى بەستووەتە گواستنەوە لە سەرچاوە کۆنەکان، لەگەڵ هەندێ شیکردنەوە و قسە و ڕوونکردنەوەى خۆی.

یەکێکى تر لەو مێژوونووسە هاوچەرخانەى کە پەیڕەوى ئەو میتۆدەیان کردووە، مێژوونووسی ئیسلامیی میسری، مەحمود موحەممەد شاکرە(1327 – 1418ک/ 1909 – 1997ز) کە لە نووسینەکانیدا پشتى بەستووەتە سەرچاوە ئیسلامییە تەقلیدییەکان و پارێزگاری لە دەقەکان کردووە و وەک خۆی دایناونەتەوە، سیاقی مێژوویی باس کردووە بەبێ دەستوەردانى زۆر. لەپاڵ ئەوەدا مێژوونووس و بیریاری ئیسلامیی هیندی، دکتۆر موحەممەد حەمیدواللە هەیە(1326 – 1423ک/1908 – 2002ز) کە لە نووسینەکانى لە مێژووى ئیسلامیدا هەمان میتۆد دەبینین، کۆمەڵێ شیکاریی کردووە کە لە زۆربەیدا پشت بە گواستنەوەى دەقی سەرچاوە تەقلیدییەکان ئەبەستێ، نمونە بۆ ئەوە، کتێبی(مجموعة الوثائق السياسية للعهد النبوي والخلافة الراشدة)ى ئەو مێژوونووسە ئیسلامییە هیندییەیە کە تیایدا ئەو نامە و بەڵگەنامە سیاسییانەى کۆکردووەتەوە، کە توانیوێتى لەبارەى ئەو ماوەیەدا پێى بگات.

ئەو میتۆدەى کە لە جیهانى ڕۆژئاوادا پشت بە گواستنەوەى حەرفیی دەبەستێت، هەندێجار دەناسرێت بە(ڕەخنەى دەق Criticism Textual )یان (لێکۆڵینەوەى دەق Textual Editing)، میتۆدێکە پشت بە کۆکردنەوەى دەقە کۆنەکان دەبەستێ،لەبەر ئەوەى ئەم میتۆدە هەندێ تێبینى ڕەخنەیی لەگەڵدایە، ئەوە بە گواستنەوەیەکى تەواو حەرفیی دانانرێت، بۆ نمونە، مێژوونووسی ڕۆژئاوایی بندیکت ئەندرسون(١٩٣٦-٢٠١٥ز) لە کارە بەناوبانگەکەیدا(کۆمەڵگە خەیاڵکارەکان) کۆمەڵێ سەرچاوەى مێژوویی هەمەجۆری بەکارهێناوە، لەوانە کۆمەڵێ دەقی ئەدەبی و ڕاگەیاندن بەشێوەیەک نزیکە لە گواستنەوەى حەرفییەوە، ئەمە و لەگەڵ بوونى لێکۆڵینەوە و ڕەخنەى قووڵى بۆ هەندێ دەق.

لە واقیعدا میتۆدى دکتۆر عەلی موحەممەد ئەلسەلابی لەگەڵ سەرچاوەکان و نووسینەوەى کتێبەکانیدا، نمونەى ئەوەیە کە باسمکرد، پیاوێکە زۆر وریایی دەکات کە دەقە گوازراوەکان نەگۆڕێ، حەز ناکات لە کتێبەکانیدا شیکردنەوەى زۆر و ڕەخنەى زۆر لە بیر و فیکرەکان بگرێت، بەڵکو پشت بە کۆمەڵێ نزیکى زانستیی کۆمەڵێ سەرچاوەى بەرفراوان دەبەستێ، ئەوە وەردەگرێت کە دەیخوێنێتەوە و ئەو بۆچوونانەى کە خۆی قەناعەتى پێ هەیە، ئەمە و لەپاڵ ئەوەشدا لە هەر دەرفەتێک بێتە پێش، دەقی قورئانیی دەهێنێتەوە، چونکە قورئانى پیرۆز بە سەرچاوەى هەموو سەرچاوەکان و ڕاستیی ڕەهایانە دەبینێت بۆ گێڕانەوەى چیرۆک و مێژووی مرۆڤایەتى(ڕابروو و ئێستا و داهاتووى مرۆڤایەتى)، بۆیە دکتۆر عەلی ئەلسەلابی هەمیشە ئەڵێ: ((ئەو کەسەى مێژووی ئیسلامیی دەنووسێتەوە، دەبێت پاشخانێکى شەرعیی هەبێ تاوەکو بگاتە حەقیقەتى مێژوویی)).            

حەوتەم: لە میانەى گەڕانم، هەندێ لەو بابەت و بڵاوکراوانەم بینیووە کە دراونەتە پاڵ دکتۆر عەلی ئەلسەلابی بەبێ ئەوەى بۆ خۆی گەڕابنەوە، هەندێ لەوانە ساختەن و هەندێکى وردبینى نەکراون، یان هەندێکى بڵاوکراونەتەوە و لە کتێبەکانى دکتۆر وەرگیراون یان تۆمارکراوەکانی ئەون، بە ناتەواو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە بۆ ئامانج و کۆمەڵێ مەبەستى شەخسى یان سیاسی، کە زۆربەى ئەوانە پەیوەندییان بە کێشەى لیبیاوە هەیە.

هەشتەم: لەسەر نووسراو و بەرنامەکانى دکتۆر عەلی موحەممەد ئەلسەلابی، زۆرێک ئەهلی زانست و قوتابیى قوتابخانە و زانکۆکان لە جیهانى ئیسلامیدا پەروەردە بوون، لە توێژینەوە و نامەى زانکۆ و وانەکانیان سوودیان لە کتێبەکانى بینیووە، میتۆدى ئەو و گرنگیپێدان و ئاراستەکانیان توێژینەوە کردووە. هیچ کەسێکیش نکۆڵى ئەوە ناکات کە لە ئێستادا کتێبەکانى بەڕێزیان زۆرترین کتێبێکن چاپ دەکرێن و بڵاودەکرێنەوە، کتێبی(ژیاننامەى پەیامبەرایەتى) بە یەکێک لە دیارترین ئەو کتێبانە دادەنرێت کە لە ژیان و بانگەوازى پەیامبەری مەزن(صلى الله علیە وسلم) کۆڵیووەتەوە، هەروەک کتێبی مەسیح عیساى کوڕى مەریەم(سەلامى خواى لەسەربێ) بۆ زۆرێک لە زمانە سەرەکییەکانى جیهان وەرگێڕانى بۆ کراوە، لە پێشەوەى هەموویان فەرەنسی و ئینگلیزى و ئیسپانى و ئیتالی و ڕوسی و ئەڵمانى، زۆرێک لە موسڵمانان و غەیرە موسڵمان سوودیان لێ بینیووە.

نۆیەم: لە نووسین و کارەکانى دکتۆر عەلی موحەمەد ئەلسەلابیدا شتێکم نەبینیووە، ئاماژە و نیشانە بێ بۆ هەوڵى ناوبانگى و دەسکەوتى ماددى تاوەکو بەو هۆیەوە بەرهەمەکانى زۆرتر بکاتەوە. بەرانبەر بە هیچ کارێکى، پارە لە هیچ ناوەندێک وەرناگرێت، ئەمە و ئەگەرچى چەند جارێک ئەو پێشنیارەشی بۆ کراوە، بەڵام بەرانبەری ڕەتکردووەتەوە. نەک هەر ئەوە، دەسەڵاتى چاپ و وەرگێڕانى بە هەر کەسێک داوە ویستى وەرگێڕانى کتێبەکانى هەبووبێ، ئەوەش وەهاى کردووە هەزاران تیراژ لە کتێبەکانی چاپ بکرێت و بۆ زیاتر لە بیست زمان وەرگێڕدراون. دکتۆر چاوى لە پاداشت و ڕازیبوونى خواى گەورەیە کە کارەکەى لێ قبوڵ بکات، هەمیشە ئەوە پاڵنەری بووە. هەمیشە جەخت لە سەر ئامانجەکانى دەکاتەوە، کە پوخت دەبێتەوە لە بەهێزکردنى ئایینى ئیسلام و ڕووبەڕووبوونەوەى بیرە باتڵ و لادەرەکان و کۆکردنەوەى تەواوى وزە و تواناکانى ئوممەت لە جەنگ لەگەڵ باتڵ، ئەمە و لەپاڵ فەراهەمکردنى کتێبخانەیەکى مێژوویی ئیسلامیی گشتگیر بۆ نەوەى ئێستا و داهاتوو.  

دەیەم: کەمال و دوور لەهەڵە و کەموکورتى تەنیا شیاوى خواى گەورەیە، هیچ مرۆڤێک لە هەڵە بەدەر نییە،هەموو کارێکى مرۆڤ کەموکورتى هەیە، کەم کەس هەیە هەڵە نەکات، جا لەبەر ئەوەى کاری مرۆڤ لە ناتەواویی بەدەر نییە، ئەوە لەبەردەم ڕەخنە و شیکردنەوەدایە، بۆیە کتێبەکانى دکتۆر عەلی موحەممەد ئەلسەلابی کە زیاتر لە هەشتا کارن لە بواری مێژوو، بیروباوەڕ و تەفسیری قورئان و فیکرى سیاسیی ئیسلامی، ئەوە لەو واقیعە بەدەر نییە، ئاساییە هەندێ هەڵە و ناتەواویی هەبێ، کەوابوو سرووشتییە ببینى هەندێجار لە بیرۆکەى سەرەکیی دەق دەردەچێ یان هەڵهێنجانى کردبێ و پێویستى بە لێ وردبوونەوە هەبێ،ئەمە و سەرباری هەندێ هەڵەى زمانەوانى یان هەندێ داڕێژان کە لە ڕەشووسی یەکەم لە پێش پێداچوونەوە و وردبوونەوە لاواز دەرکەوتبێ.

سەرباری ئەوانە، ئەوە دکتۆر ئەلسەلابی توانایەکى دەرکەوتەى هەیە لە کۆکردنەوەى میتۆدى ئیسلامیی تەقلیدى لەگەڵ شێوازی ئەکادیمیی سەردەمیانە لە ڕاڤەکردنى قورئان و نووسینەوەى مێژووى ئیسلامى.

بە سیفەتى ئەوەى دکتۆر ئەلسەلابی بانگخواز و نووسەرە، ئەوە لە کارەکانیدا هەوڵدەدات و ڕاوێژى شارەزایان ئەکات و بە ستگفراوانییەوە ڕەخنەى بوونیاتنەر وەردەگرێت، هەوڵدەدات بۆ خۆلادان لە هەر هەڵەیەک کە هەبێ و لە نزیکترین کاتى گونجاودا چاکى دەکات.   

یانزەیەم: ئەمە شایەتییەکە بۆ خوا و بۆ مێژوو، پشت بە ئەزموونێکى قووڵى شەخسیی ئەبەستێت کە بۆ ماوەیەکى زۆر لە نزیک دکتۆر عەلی ئەلسەلابییەوە بەسەرم بردووە، لەو ماوەیەدا زۆر شت فێربووم، ئەم شایەتییە دەدەم بە نیەتێکى دڵسۆزانە بۆ خواى گەورە و سەرخستن و پشتیوانیکردنى باوەڕداران لە ئەهلی قورئان و پیاوانى فیکر و زانستخوازان.

لە کۆتاییدا وەهاى دەبینم کە پێویستە زانایانى ئوممەت و توێژەران و ئەکادیمى و ڕۆڵە و قوتابیانى ئوممەت، هەڵگری تایبەتمەندیی دادگەری و سەرڕاستى و گومان بردنى باش و وتنى ڕاستیی بن، هەست بە چاودێریی خوایی بکەن لە بڕیار و قسە و کردار و هەڵسوکەوتیاندا، چونکە هەمووان لەبەردەم خواى گەورەدا لێپرسینەوە دەکرێن، هەریەکە و بە تەنیا دەچێتە بەردەم خواى گەورە، بێگومان خواى گەورەش فرمانى کردووە لە کاردا دادپەروەر و چاکەکار و دڵسۆزبین و بە نەرمى و ڕاستگۆیی و لەسەرخۆییەوە ئامۆژگاریی بە یەکتر بدەین. بێگومان زانستى بەسوود بەخششێکى گەورەى خواییە، خواى گەورە فەرموویەتى: ﴿قَالُوا سُبْحَانَكَ لَا عِلْمَ لَنَا إِلَّا مَا عَلَّمْتَنَا ۖ إِنَّكَ أَنتَ الْعَلِيمُ الْحَكِيمُ﴾ (البقرة: 32). خوایە گیان ئەوەمان فێر بکە کە نایزانین، ئەوەمان بە بیربهێنەوە کە بیرمان چووەتەوە، فەڕ و بەرەکەتى ئاسمان و زەوییمان بۆ بکەرەوە، لێمان خۆشبە و بەزەییت پێماندا بێتەوە، هەر خۆت بیسەر و زانای.

والحمد لله رب العالمین.


مقالات ذات صلة

جميع الحقوق محفوظة © 2022